دنی دانون، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە لە هەمبەر سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە خەڵکی ئێران بێدەنگ نەبن و جەختی لەوە کردەوە کە قوربانیانی ئەم سەرکوتانە شایستەی دەرکەوتنی ڕاستییەکان و وڵامدانەوەن.
دانون بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی کاناڵی ١٤ی ئیسرائیل لەسەر کوشتار و سەرکوتەکانی مانگی بەفرانبار لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئیکس" نووسیویەتی: ''قوربانیانی سەرکوت لە ئێران و بنەماڵەکانیان، شایستەی دەستڕاگەیشتن بە ڕاستییەکان، ڕوونکردنەوە و وڵامدانەوەن؛ بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێت لە ئاست ئەم دۆخەدا بێدەنگ و بێدەربەست بێت.''
نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە درێژەی لێدوانەکەیدا هێرشی توندی کردە سەر کارنامەی مافی مرۆڤی تاران و ڕایگەیاند: ''مێژووی ڕێژیمی ئێران بە ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی ئەو وڵاتە نووسراوەتەوە؛ مێژوویەک کە پڕە لە ژوورەکانی ئەشکەنجە، گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەو بنەماڵانەی کە تا ئێستاش هیچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.''