کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆست و خەمخۆرێکی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

12:44 - 21 خەزەڵوەر 2726

کەسایەتیی سیاسی و نووسەر و خەباتکاری بەناوبانگی کورد، نەجدەت بوڵدان لە باکووری کوردستان کۆچی دوایی کرد.

ئەم کەسایەتی و دۆستە نزیکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ساڵی ١٩٤٨ لە شاری گەڤەری سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان لەدایک بووە و بەداخەوە لە ڕۆژی ١٠ی نۆڤامبری ٢٠٢٦دا کۆچی دوایی کرد.

نەجدەت بوڵدان کەسایەتییەکی چالاک لە سیاسەتی کوردیدا بوو کە خاوەن قەڵەمێکی ناسراویش بوو. ئەو ساڵانەی دوایی کتێبێکی بە ناوی (ژنبوون لە پەکەکەدا) نووسی کە دەنگدانەوە و لێکەوتەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و سەرنجی خوێنەرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

نەجدەت بوڵدان مرۆڤێکی کوردپەروەر و لەنێو خەڵکدا پێگەیەکی باش و جێگەی متمانەی هەبوو.

ئەو دۆستی نزیکەی حیزبی دێموکرات بوو، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ کادر و پێشمەرگە و بەرپرسانی حیزب لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو و زۆر هاوکاریی حیزبی کردووە.

هەتا کاتی کۆچی دوایی هەر پەیوەندیی بە بەرپرسانی حیزبی دێموکراتەوە هەبوو و یەکێک لە دۆستە هەرە ئەمەگدارەکانی حیزب بوو.

حیزبی دێموکرات لەدەستدانی ئەو دۆستە بەئەمەگەی خۆی بە خەسار دەزانێت و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.

 

 حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ئیداری