کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی دوو هاووڵاتی لە لایەن هێزەکانی ڕێژیم لە سەقز و بیجاڕ

10:30 - 27 جۆزەردان 2726

لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، دوو لاوی خەڵکی شاری سەقز و بیجاڕ دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی جۆزەردان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سەقز هێرشیان کردووەتە سەر ئارایشگایەک و لاوێکی تەمەن ٢٧ ساڵیان بە ناوی "ئەشکان ئابخو" لە کاتی کارکردندا دەسبەسەر کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٥، لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی بیجاڕ بە ناوی "پووریا وەلی‌زادە"، لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەم شارەدا دەسبەسەر کرا.

هێزەکانی ڕێژیم بەبێ پیشاندانی بەڵگەی یاسایی و بە لێدانی توند و توندوتیژیی جەستەیی ناوبراویان ڕفاندووە.

هەنگاو زیادی کرد کە پووریا پێشتر بەهۆی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار لەژێر چاوەدێریی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بووە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتە پاڵدراوەکان و چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بێ‌ئاکام ماوەتەوە.