کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای ڕاگرتنی دەسبەجێی لەسێدارەدانە سەرەڕۆیانەکانی لە ئێران کرد

12:41 - 21 خەزەڵوەر 2726

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە مەحکوومکردنی شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانە سیاسییەکان لە ئێران، داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کرد کە هەر ئێستا جێبەجێکردنی سەرجەم سزاکانی سێدارە ڕابگرن.

لە ڕاگەیەندراوی ئەم ڕێکخراوە مافپەروەرەدا ئاماژە بە لەسێدارەدانی هەریەک لە حەسەن دیوەند، حەمید کازمی و ڕەزا زەنگەنە کراوە کە لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ دەسبەسەر کرابوون و ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خەزەڵوەر لە شاری کەرەج لە سێدارە دران.

لێبوردنی نێونەتەوەیی جەختی کردووەتەوە کە دادگای ئینقلابی کەرەج بە پشتبەستن بە یاسای سیخوڕی و بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی ئیسرائیل، ئەمریکا و ڕێکخراوە دژبەرەکان"، سزای سێدارەی بەسەر ئەو سێ هاووڵاتییەدا سەپاندووە، لە کاتێکدا تۆمەتەکانیان تەنانەت ناچێتە خانەی "قورسترین تاوان" واتە کوشتنی بەئەنقەستەوە.

ئەم ناوەندە نێودەوڵەتییە ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دوای دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانە، تا ئێستا لانیکەم ٣٩ کەسیان لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە سێدارە داوە و مەترسیی لەسێدارەدانی زیاتریش بە هۆکاری سیاسی لە ئارادایە.

لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە بەپەلە هەنگاوی دیپلۆماسی بۆ وەستاندنی ئەم دەستدرێژییە سامناکە بۆ سەر مافی ژیانی مرۆڤەکان بنێن.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتەکانی خۆیدا دۆسییەسازی، بێبەشکردنی تۆمەتباران لە پارێزەر و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێی لە ژێر ئەشکەنجەدا مەحکووم کردووە.