کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیکی هێلی: دابینکردنی بودجە بۆ بنیاتنانەوەی هەڕەشەکانی ئێران هەڵەیەکی گەورەیە

11:53 - 28 جۆزەردان 2726

نیکی هێلی، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە توندی ڕەخنەی لە لێکتێگەیشتننامەکەی نێوان واشنگتۆن و تاران گرت و بە "هەڵەیەکی گەورە"ی ناو برد.

ئەو ڕایگەیاند کە ئەم ڕێککەوتنە بە واتای پێدانی پارەیە بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ئەو هەڕەشەیەی کە ئەمریکا لە هێرشە سەربازییەکانیدا تێکی شکاندبوون.

هێلی لە پەیامێکدا نووسیویەتی: ''هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران کارێکی دروست بوو؛ چونکە ئەم ڕێژیمە هێزەکانی ئێمە دەکوژێت و هەوڵی تێرۆری هاووڵاتییانمان دەدات.''

ناوبراو زیادی کرد کە ئازادکردنی میلیاردها دۆلار و هەڵگرتنی گەمارۆکان، دەبێتە هۆی ئەوەی تاران وەک ڕابردوو ئەو پارانە بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی و تەیارکردنی گرووپە بەکرێگیراوەکانی بەکار بهێنێتەوە.

 ناوبراو پێدانی پارەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڕەشەیەک کە تازە لەنێو براوە، بە ناڕەوا زانی.

پێشتریش مایک پێنس، جێگری پێشووی سەرۆککۆماری ئەمریکا، ئەم لێکتێگەیشتننامەیەی بە "سازشکاری" لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پێناسە کردبوو.