کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٨ لەسەدی بەکارهێنەرانی ئینستاگرام لە ئێران کەم بوونەتەوە

12:03 - 28 جۆزەردان 2726

ڕاپۆرتێکی داتاکاری دەری دەخات کە سەرەڕای ئیدیعاکانی ڕێژیم بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی ئینتێرنێت، چالاکیی بەکارهێنەرانی نێوخۆی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە؛ بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، نزیکەی دوو لەسێی بەکارهێنەرانی چالاک وەک پێشتر دەرناکەون و ئامارەکانی پۆست، لایک و ئاڵوگۆڕەکانی هاووڵاتییان بە سێوەی بەرچاو کەم بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان ژمارەی بەکارهێنەرانی چالاکی ئینستاگرام لە ئێران لە چاو دۆخی پێش پچڕانی ئینتێرنێت، نزیکەی ٦٨ لەسەد کەمی کردووە و لە ١.٣ میلیۆن کەسەوە بۆ نزیکەی ٤٢٨ هەزار کەس دابزیوە. هەروەها بڵاوکردنەوەی پۆستەکان زیاتر لە ٦٢ لەسەد و ڕێژەی لایکەکانیش پتر لە ٧٧ لەسەد داکەوتووە.

ئەم کەمبوونەوە بەرچاوە دەیسەلمێنێت کە بەربەستەکانی ئینتێرنێت و کێشەی دەستڕاگەیشتن بە فیلتێرشکێنەکان هێشتا بەردەوامن. داتاکان نیشانی دەدەن کە لە دوای گەڕانەوەی ڕێژەیی ئینتێرنێت، بەشێکی زۆری چالاکییەکانی ئینستاگرام تەنیا لەلایەن لاپەڕە بازرگانی و فرۆشگا ئانلاینەکانەوە دەکرێت و بەکارهێنەرانی ئاسایی ئامادەییەکی کەمتریان هەیە، ئەمەش بە تەواوی پێچەوانەی ئیدیعاکانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمە کە دەڵێن دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.