کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێگسێت: ئەگەر تاران پێبەندی ڕێککەوتن نەبێت، هێرشی سەربازی و گەمارۆی دەریایی دەست پێ دەکەینەوە

15:54 - 28 جۆزەردان 2726

پیت هێگسێت، وەزیری شەڕی ئەمریکا ڕایگەیاند ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران پێبەندی بەڵێنەکانی نەبێت لە لێکگەیشتننامەی واشینگتۆن، وڵاتەکەی ئامادەیە هێرشی سەربازی دەست پێ بکاتەوە و گەمارۆیەکی ئاسنین بەسەر تاراندا بسەپێنێتەوە.

هێگسێت جەختی کردەوە کە ئەم ڕێککەوتنە لە پێگەی هێزەوە هاتووە و ئەرتەشی ئەمریکا وەک دارشەقێکی گەورە لە پشتی دانوستانەکانەوە دەبێت.

ئەم هۆشدارییە دوای کۆبوونەوەی هێگسێت لەگەڵ وەزیرانی ناتۆ لە برووکسێل بوو.

ناوبراو ئاماژەی بە وتەکانی دۆناڵد ترامپ کرد کە ڕایگەیاندبوو ئەگەر لێکگەیشتنەکە نەگاتە ئەنجام، بە پێچەوانەی ویستی خۆیانەوە ناچار دەبن دووبارە ڕێژیمی ئێران بۆردومان بکەنەوە.

هاوکات، مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ پێشوازیی لەم ڕێککەوتنە کاتییە کرد و بە دەستکەوتێکی باشی بۆ ترامپ ناو برد.

لەلایەکی دیکەوە، وڵاتانی ئورووپا خۆیان بۆ ڕۆڵگێڕانی زیاتر لە ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز ئامادە دەکەن؛ بە شێوەیەک کە ئاڵمان دوو کەشتیی سەربازی ڕەوانەی ناوچەکە دەکات و بریتانیا و فەڕانسەش ئامادەیی خۆیان بۆ ناردنی کەشتیی مینهەڵگر دەربڕیوە.