کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و وتەبێژی فراکسیۆنی حیزبی دێمۆکرات مەسیحیی ئاڵمان

10:10 - 29 جۆزەردان 2726

ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی جۆەزردان، شاندێکی هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەردانی نووسینگەی یورگن هارت، وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی فراکسیۆنی پارلەمانی حیزبی دێمۆکرات مەسیحیی ئاڵمانیان کرد.

لەم دیدارەدا بەڕێزان مستەفا قازیزادە و نەرمین عوسمانی نوێنەری حیزبی دێموکرات بەشدار بوون و باسێکی تێرتەسەل لەسەر گۆڕانکارییە سیاسییەکان کرا.

شاندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرنجی لایەنی ئاڵمانیی بۆ سەر هەلومەرجی دژواری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئێران ڕاکێشا و دۆخی گەلی کوردی بەوردی شی کردەوە.

هاوکات تیشک خرایە سەر هێرشە مووشەکی و دڕۆنییە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و دواتریش ڕوانگەی هاوپەیمانی بۆ داهاتووی ئێران خرایە ڕوو؛ داهاتوویەک کە تێیدا مافی مرۆڤ، ئازادی و مافی نەتەوە جیاوازەکان لەسەر بنەمای بەها دێموکراتیکەکان پارێزراو بێت.

یورگن هارت وێڕای ستایشکردنی پێگەی سیاسی، کاریگەری و توانای ڕێکخراوەیی هێزە کوردییەکان، پێگەی کوردی لە هاوکێشەکاندا بە گرنگ نرخاند. ناوبراو بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و مافی مرۆڤ جەختی لە پێویستیی گفتوگۆ لەگەڵ هێزە دێموکراتیکەکانی دیکەی ئێران کردەوە.

لە کۆتاییدا هەردوو لایەن لەسەر بەردەوامیی ئەم چاوپێکەوتنانە و پتەوکردنی پێوەندییەکانی نێوانیان جەختیان کردەوە.