کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: لە ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێراندا خەڵک لەبەرچاو نەگیراوە

10:14 - 29 جۆزەردان 2726

کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ "کوردکاناڵ" سەبارەت بە لێکتێگەیشتنی تاران و واشینگتۆن ڕایگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە سەرەتاییە تەنیا بۆ بەردەوامبوونی دانوستانەکانە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا.

بەڕێز عەزیزی وتی کە ئەم دۆخە دەرەنجامی ماندووبوونی هەردوو لایەن بووە لە شەڕ، بەڵام لەم هاوکێشەیەدا خەڵکی ئێران و ئۆپۆزسیۆن بە تەواوی غایب بوونە.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات ئاماژەی بەوە کرد کە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ سەرنجی سەرەکیی لەسەر پرسی ئەتۆمی و دابینکردنی ئەمنییەتی ئیسرائیل بووە، نەک ڕووخاندنی ڕێژیم. هەروەها ڕوونی کردەوە کە نەبوونی ئاڵتەرناتیڤێکی دیار لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە لە گەرمەی شەڕدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەستەوستان کردووە و وای کردووە تەنیا داوای گۆڕینی ڕەفتار لە تاران بکەن.

سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وتەبێژی حیزب جەختی کردەوە کە حیزبی دێموکرات هاوکێشەی زۆر سەختتری وەک شەڕی ئێران و عێراق، مووشەکباران و تێرۆری ڕێبەرانی تێپەڕاندووە. ناوبراو وتی: "ئێمە بەشێک لەم شەڕ و ڕێککەوتنانە نەبووین، بەڵام خەباتی نێوخۆ بەهۆی هۆشیاریی نەتەوەیی و ئەزمونی مەدەنیی خەڵکەکەی بەردەوام دەبێت."

کاک خالید باسی لەوە کرد کە هێرشەکانی ڕێژیم بۆ سەر کەمپەکان تەنیا بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتیی ئێرانە. دڵنیاییشی دا کە لە چوارچێوەی یاسا و سەروەریی عێراقدا لەگەڵ بەغدا و هەولێر لە گفتوگۆدان و خاکی عێراق بۆ هێرشکردن بەکار ناهێنن.

لەسەر ستراتیژی داهاتووی حیزب، عەزیزی ئاماژەی بە چوار تەوەر کرد: بەهێزکردنی چالاکیی مەدەنی لە نێوخۆ، ڕێکخستنی یەکڕیزی لەگەڵ گەلانی ئێران، دیپلۆماسیی کارا و ناسینی کەلێنەکانی نیزام لە قۆناغی دوای شەڕدا.