کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری بەرپرسانی ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران لە سویس هەڵوەشایەوە

10:15 - 29 جۆزەردان 2726

وەزارەتی دەرەوەی سویس ڕایگەیاند ئەو دانوستانانەی بڕیار بوو ڕۆژی هەینی، ٢٩ی جۆزەردان، لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەی "بێرگن‌شتاک" بەڕێوە بچێت، هەڵوەشاوەتەوە.

 ئەم بڕیارە دوای ئەوە بوو کە کۆشکی سپی ڕایگەیاند "جەی‌دی وێنس"، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا، سەردانەکەی بۆ سویس بە مەبەستی دیدار لەگەڵ شاندی ئێرانی هەڵوەشاندووەتەوە.

وێنس بڕیار بوو بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو لێکتێگەیشتننامەیەی کە ٢٧ی جۆزەردان لە نێوان دۆناڵد ترامپ و مەسعوود پزیشکییان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ واژۆ کرابوو، لەگەڵ نوێنەرانی تاران کۆ ببێتەوە. هەڵوەشانەوەی ئەم سەردانە، لێڵییەکی زۆری خستووەتە سەر چارەنووسی ئەم ڕێککەوتنە.

هاوکات ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە بڵاوی کردەوە کە هۆکاری ڕاستەقینەی پاشەکشەی واشینگتۆن، بۆ پەرەسەندنی گرژییەکانی باشووری لوبنان و تێکچوونی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دەگەڕێتەوە، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەشی ئەم دانوستانە داناوە.