هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەقی لێکتێگەیشتننامەی واژۆکراوی نێوان واشینگتۆن و تاران لە کۆنگرە، ژمارەیەک لە چاوەدێران و سیناتۆرە دیارییەکانی حیزبی کۆماریخوازەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ئەم ڕێککەوتنە کە لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە پشتگیریی دەکرێت.
سێناتۆر "بیڵ کاسیدی" ئەم هەنگاوەی بە خراپترین هەڵەی سیاسەتی دەرەوە لە دەیەکانی ڕابردوودا ناو برد و ڕایگەیاند کە بەرنامەی ناوکیی ئێران کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
هاوكات "ڕاجێر ویکێر"، سەرۆکی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی سێنا، هۆشداریی دا کە لادانی گەمارۆکان و ئازادکردنی داراییەکانی تاران، دەستکەوتە سەربازییەکانی ئەمریکا لەنێو دەبات.
لەلایەکی دیکەوە، گرووپەکانی لایەنگری ئیسرائیل وەک "ئایپاک" و ڕێکخراوی "یەکیەتی دژی ئێرانی ناوکی" نیگەرانیی خۆیان لە کەمبوونەوەی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەربڕی.
لەم پێوەندییەدا، دۆناڵد ترامپ وێڕای وڵامدانەوەی توندی ڕەخنەگران، دۆخی باشی بازاڕی سەهام و دابەزینی نرخی نەوتی وەک بەڵگەی سەرکەوتوویی ئەم ڕێککەوتنە نیشان دا.