کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە پشتگوێخستنی پرسی مافی مرۆڤ لە ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران

10:41 - 29 جۆزەردان 2726

بەرپرسی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، هۆشداریی دا کە لێکتێگەیشتننامەی ئەمریکا و ئێران، نابێت ببێتە پەردەیەک بۆ شاردنەوەی سەرکوتکارییەکانی نێوخۆ و دەربازبوونی کۆماری ئیسلامی لە سزاکان.

ئەنیس کالامار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی جۆزەردان، ڕایگەیاند کە کۆتاییهاتنی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران، بە واتای کۆتاییهاتنی مەترسییەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی ئێرانی نییە.

کالامار ئاماژەی بەوە کرد، هەر جۆرە ڕێککەوتنێک کە تەنیا سەرنج بخاتە سەر بەرژەوەندییە سەربازی و ستراتێژییەکان و چاو لە پرسی مافی مرۆڤ بپۆشێت، ناپایەدار دەبێت. چونکە تاران لەژێر سێبەری ئەم دۆخەشدا لە گرتنی بەربڵاو، ئەشکەنجە، دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و لەسێدارەدانی سیاسی بەردەوام دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە تا ئێستا، لانیکەم ٤٤ کەس لە ئێراندا لە سێدارە دراون و پتر لە شەش هەزار کەسیش بە شێوەیەکی نایاسایی دەسبەسەر کراون.

لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای پاڵپشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە داواکارییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پێکهاتەی یاسایی و جێگیرکردنی دادپەروەری دەکات.