لێکۆڵەرانی سیاسی هۆشداری دەدەن پەیامی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دوای واژۆکردنی لێکتێگەیشتننامەکەی لەگەڵ واشینگتۆن، نیشانی دەدات تاران بە چاوی ئاشتی سەیری ئەمریکا ناکات، بەڵکوو ئەم هەنگاوە وەک "وەستانێکی تاکتیکی" لە چوارچێوەی "شەڕێکی هەمیشەیی"دا دەبینێت.
موجتەبا خامنەیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاندووە بەرپرسانی ئێرانی لەڕووی "نیازپاکی"یەوە هەوڵیان دا، لە کاتێکدا دۆناڵد ترامپ لەڕووی "ناچاری"یەوە هاتووەتە سەر ڕێککەوتن.
ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە دوای بەڵێنی مەسعوود پزیشکیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەرەی موقاومەت، ڕێککەوتنەکەی پەسند کردووە.
دکتۆر عومەر محەممەد، پسپۆڕی دژەتێرۆر لە زانکۆی جۆرج واشینگتۆن بە "فاکس نیوز دێجیتاڵ"ی ڕایگەیاند: "خامنەیی دان بە ئاشتیدا نانێت؛ ئەو لە کاتێکدا بەرپرسایەتی دەخاتە ئەستۆی دەوڵەت، چوارچێوەی ئیدئۆلۆژیی ڕووبەڕووبوونەوەی هەمیشەیی دەپارێزێت و ئەمەش زمانی دڵنیابوونەوەی ڕێژیمە لە مانەوەی خۆی."
ئەم پسپۆڕە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەگەر ئەم پەیامە ڕاستەوخۆ لەلایەن خودی موجتەبا خامنەییەوە ئاراستە کرابێت، نیشاندەری ئەوەیە کە ناوبراو دەسەڵاتی تەواوی بەسەر دۆسییە ستراتێژییەکانی دەوڵەت، سپای پاسداران و هێزە نیابەتییەکانیدا هەیە؛ ئەگەرنا، پێدەچێت دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم ناوی ئەو بۆ نیشاندانی بەردەوامیی سیاستەکانی تاران بەکار بهێنن تا پەیامەکە وەک بەڵگەیەکی حکوومەتیی داڕێژراو بۆ نێوخۆ و دەرەوە نیشان بدەن.