کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: تۆڕی ئابووریی سپای پاسداران براوەی سەرەکیی لابردنی ئەگەریی گەمارۆکانە

09:56 - 30 جۆزەردان 2726

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ڕایگەیاندووە تۆڕی ئابووریی سپای پاسداران، دەبێتە براوەی سەرەکیی هەر چەشنە کەمکردنەوەیەکی گەمارۆکان و گەڕانەوەی وەبەرهێنانی بیانی؛ بابەتێک کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەگەریی واشنگتۆن و تاران ئاڵۆز دەکات.

سپای پاسداران لە ساڵانی گەمارۆدا، ئیمپراتۆرییەکی بازرگانیی لە کەرتەکانی نەوت، بیناسازی، کەشتیڕانی، بەندەرەکان و موخابەراتدا درووست کردووە.

چوار سەرچاوەی ئێرانی بە ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاندووە سپا بەهۆی ئەزموونی لە دەورلێدانی گەمارۆکاندا، لە پێگەیەکدایە کە دەتوانێت پشکێکی زۆر لە قازانجە داراییەکانی ڕێککەوتنەکە بۆ خۆی ڕابکێشێت.

پڕۆژە ژێرخانییەکان لە لایەن "قەرارگای خاتەمولئەنبیا"وە بەڕێوە دەبرێن کە خەزێنەداریی ئەمریکا وەک قۆڵی دابینکردنی دارایی چالاکییەکانی سپا دەیناسێنێت.

ڕۆیتێرز نووسی ئەم تۆڕە بەربڵاوە، مەترسیی یاسایی بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دروست دەکات، چونکە بۆ کارکردن پێویستیان بە شەریکی نێوخۆیی هەیە و ڕەنگە تێکەڵی کۆمپانیاکانی سپا ببن.

جێرمی پێندێر، پشکێنەری پێشووی گەمارۆکانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە سپا لە پشتی پەردەی کەرتی نەوتدا "پەتەکانی لە دەستدایە"؛ بۆیە سەرچاوەیەکی ئێرانی دەڵێت سپا براوەی ڕاستەقینەی شەڕە، چونکە مانەوەی ڕێژیمی پاراستووە و ئێستاش ئامادەترین لایەنە بۆ قۆستنەوەی لابردنی گەمارۆکان.