کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکسیۆس: ویتکاف و عێراقچی بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان دەچنە سویس

10:16 - 30 جۆزەردان 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ''ئاکسیۆس''، ستیڤ ویتکاف، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی دەستپێکردنی گفتوگۆکان بەرەو وڵاتی سویس بەڕێ دەکەون.

ئەم گفتوگۆیانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ پێشخستنی ڕێککەوتنی کاتیی نێوان واشنگتۆن و تاران و گۆڕینی بۆ ڕێککەوتنێکی سەقامگیرتر و بەردەوامتر.

ئاکسیۆس ئاماژەی بەوە کردووە کە جارد کۆشنێر، ڕاوێژکار و زاوای سەرۆککۆماری ئەمریکا، پێشتر گەیشتووەتە سویس و بڕیاریشە سەرۆکوەزیرانی قەتەر وەک نێوبژیوان بەشدار بێت. سەرچاوەکان دەڵێن عێراقچی ڕۆژی شەممە دەگاتە ئەوێ، هەرچەندە تاران خوازیار بوو پێشتر ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵادا جێگیر ببێت.

ئەم دانوستانانە کە بڕیار بوو ڕۆژی هەینی دەست پێ بکەن، لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی سویسەوە دواخران، ئەمەش دوای ئەوەی کۆشکی سپی ڕایگەیاند جەی‌دی وێنس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا بەهۆی کێشەی لۆجستییەوە سەردانەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و سەفەری شاندی ئێرانیش دواخرابوو.