بەرپرسی گشتی دەزگای بەناو دادوەری ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند لە کاتی ململانێ سەربازییەکانی ئەمدواییەدا، ٤٨٠ کەس بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا دەسبەسەر کراون.
ناسر عەتەباتی ڕایگەیاند کە لەم دۆسییەیەدا سێ کەس لەژێر ناوی "سیخوڕی مووساد" لەسێدارەدراون و فەرمانی دەسبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی ١٢٩ کەسی دیکەش دەرکراوە.
وردەکارییەکانی پەیوەندیدار بە ناسنامەی گیراوان، پڕۆسەی دادگاییکردن، دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەری سەربەخۆ و بەڵگەنامەکانی پاڵپشتی لەم تۆمەتانە، بڵاو نەکراونەتەوە.
ئەم هەنگاوە لە پارێزگای ورمێ لە کاتێکدایە کە لەسەر ئاستی سەرانسەریی ئێراندا، زیاتر لە ٣ هەزار و ١٢١ کەس ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی ئەمنییەتی بوونەتەوە و لەو ڕێژەیەش ٢ هەزار و ٤٠٦ کەسیان دەسبەسەر کراون.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەوانە "لێبوردنی نێودەوڵەتی"، بە توندی ڕەخنەیان لەم ڕەوتە گرتووە و هۆشداریان داوە کە کۆماری ئیسلامی کەشی شەڕ وەک دەرفەتێک بۆ پەرەپێدانی سەرکوت، گرتنی بەکۆمەڵ، زەوتکردنی دارایی دژبەران و جێبەجێکردنی سێدارەی سیاسی بەکار دێنێت.