کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید داوای ڕاگرتنی سێدارە و زەوتکردنی ماڵی ناڕازییانی کرد

10:34 - 30 جۆزەردان 2726

مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی زاهیدان، لە نوێژی هەینیی ٢٩ی جۆزەرداندا ڕەخنەی لە زیادبوونی لەسێدارەدانەکان گرت و داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد جێبەجێکردنی حوکمەکانی سێدارە و زەوتکردنی ماڵی ناڕازییان ڕابگرێت.

ناوبراو ڕایگەیاند کە بەپێی وتەی بەندکراوان، ژمارەیەکی زۆر لە چاوەڕوانیی سێدارەدان و زۆربەی خەڵکیش پێیان وایە ئەم سێدارەدانانە ماهییەتێکی سیاسییان هەیە، تەنانەت ئەگەر بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەریش بن.

مەولەوی عەبدولحەمید داوای لادانی بەرپرسانی گەندەڵ و توندڕەوی کرد و جەختی لە چەسپاندنی دادپەروەری بۆ نەتەوەکان و ئایینەکان، دابینکردنی مافی ژنان و ئازادییە مەدەنییەکان کردەوە.

پێشنوێژی زاهیدان سەرەڕای پێشوازیی لە لێکگەیشتننامەی ئێران و ئەمریکا و لابردننی گەمارۆکان و ئازادبوونی داراییە بلۆکەکراوەکان، نیگەرانیی خۆی پێشان دا کە گەندەڵی دارایی ببێتە ڕێگر لەوەی خەڵکی لێقەوماو سوود لەو سەرچاوە داراییانە وەربگرن.