ڕۆژنامەی "گاردیەن" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ٨٠ مینی دەریایی لە چەق و ناوەندی گەرووی هۆرمۆزدا جێگیر کردووە؛ بابەتێک کە پرۆسەی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانی تووشی ئاستەنگ و کێشە کردووە.
فیل بڵچێر، بەرپرسی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی خاوەن نەوتهەڵگرە تایبەتەکان، بەم ڕۆژنامەیەی ڕاگەیاندووە کە ژمارەی مینە چاندراوەکان زۆرە و پاککردنەوەی ناوچەکە لەم تەقەمەنییانە کاتێکی زۆری دەوێت.
بەپێی ڕاپۆرتە دەریاوانییەکان، سەرەڕای واژۆکردنی لێکگەیشتننامەی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە نێوان واشنگتۆن و تاران، هێشتا نزیکەی ٦٠٠ کەشتیی بازرگانی لە کەنداودا گیریان خواردووە و ئاستی هاتوچۆ لە گەرووی هۆرمۆزدا زۆر کەمترە لە دۆخی ئاسایی.
کۆمپانیای "لویدز لیست" کە تایبەتە بە ئامار و زانیاریی دەریاوانی ڕایگەیاندووە، پێدەچێت تا کۆتاییی ئەمساڵیش گەشتوگوزار و هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا بە تەواوی نەگەڕێتەوە سەر دۆخی جاران.