هەژماری خوێندکارانی یەکگرتوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە هەواڵ و چالاکییەکانی خوێندکاران بڵاو دەکاتەوە، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە حوکمی دەرکردن بۆ حەوت خوێندکاری زانکۆی سەنعەتی شەریفی تاران دەرچووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەم حوکمە سەرەتاییانە لەلایەن کۆمیته ئیزباتی زانکۆی شەریفەوە و بەهۆی چالاکییەکانی ئەو خوێندکارانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەرکراون.
حەوتووی ڕابردووش لە تاران ئەو هەواڵە بڵاو بووەوە کە دوو خوێندکار بە تۆمەتی سووتاندنی ئاڵای ئێران لە خۆپیشاندانە خوێندکارییەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوودا، لە زانکۆ دەرکراون.
سەپاندنی حوکمی دەرکردن و بێبەشکردنی خوێندکاران لە خوێندن، لە درێژەی سیاسەتی سیستەماتیکی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕەزایەتییەکان و پاک کردنەوەی زانکۆکان لە هێزە زیندوو و ڕەخنەگرەکان.
دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ڕێگەی کۆمیتەی ئینزباتی، زانکۆکانیان گۆڕیوە بۆ پادگانێکی سەربازی و تەنانەت چاودێریی وردی چالاکییە شەخسییەکانی خوێندکاران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا دەکەن.
ئەم جۆرە سزایانە نیشانەی ترسی قووڵی دەسەڵاتە لە سەرهەڵدانەوەی بزووتنەوە خوێندکارییەکان کە هەمیشە وەک بزوێنەری سەرەکیی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان دژ بە ستەمکاریی تاران ئەژمار کراون.