کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەری ١٧ هاووڵاتی لە ئیلام لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات بە تۆمەتی ناڕوون

13:43 - 30 جۆزەردان 2726

وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند کە ١٧ هاووڵاتییان لە پارێزگای ئیلام بە تۆمەتی پێوەندیکردن بە "تۆڕێکی تێکدەرانە" دەسبەسەر کردووە.

ئەم ناوەندە ئەمنییەتییەی ڕێژیم بەبێ خستنەڕووی بەڵگەیەکی یاسایی، سێ کەسی وەک "سەرکردەی مەیدانی" ناساندووە و ئیدیعای کردووە کە ئەم کەسانە لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤دا، دەستیان لە تێکدانی موڵکی گشتی و تەقەکردندا هەبووە.

ئەم سناریۆسازییە لە کاتێکدایە کە هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامە، شوێنی ڕاگرتن و پڕۆسەی یاسایی گیراوان بڵاو نەکراوەتەوە کە نیشانەیەکی ڕوونە لە پشتبەستنی کۆماری ئیسلامی بە دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جەخت دەکەنەوە کە کۆماری ئیسلامی هەمیشە لە ڕێگەی تۆمەتی چەواشەکارانەی وەک دۆزینەوەی تەقەمەنی و چەک، بوار بۆ سەرکوتی چالاکانی مەدەنی و ناڕازییان خۆش دەکات.

ئەم دامەزراوە سەرکوتکەرانە بە مەبەستی ڕەواییدان بە حوکمە قورسەکانی داهاتوو و ترساندنی کۆمەڵگە، پەرە بەم چەشنە دەسبەسەرییە سەرەڕۆیانە لە کوردستان دەدەن.