کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: کۆماری ئیسلامی ٤٧ ساڵ لە لێپرسینەوە دەرباز ببوو تا من هاتم

16:30 - 30 جۆزەردان 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ٣٠ی جۆزەردان، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ"، داکۆکی لە ستراتێژیی توندی دەوڵەتەکەی بەرامبەر بە تاران کرد و ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە ڕووی سەربازییەوە بە تەواوی تێک شکاوە.

تڕامپ وێڕای ڕەخنەی توند لە نەیارانی نێوخۆیی و سیاسەتەکانی باراک ئۆباما و جۆ بایدن، سەرۆککۆمارەکانی پێشووی ئەمریکا، ئەوانی بە ڕێبەرانی "لاواز و ناکارامە" ناو برد کە چەندین میلیۆن دۆلاریان ڕژاندووەتە باوەشی تارانەوە.

ناوبراو نووسیویەتی: "ئێران ٤٧ ساڵ لە لێپێچینەوە دەرباز ببوو، تا ئەو کاتەی من هاتم؛ پاشان هەموو شتێک گۆڕا. ئەمریکا گەڕایەوە!"

سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی پێشووش لە کاتی پەردەلادان لەسەر فڕۆکەی نوێی سەرۆکایەتی، هۆشداریی دابووە بەرپرسانی تاران کە ئەگەر لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا ڕێککەوتنی کۆتایی نەیێتە بەرهەم، ڕووداوگەلێک ڕوو دەدەن کە پێی دڵخۆش نابن.