کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک لەسەر دۆخی سیاسیی ئێران و پێگەی کورد لە کانادا بەڕێوە چوو

08:54 - 31 جۆزەردان 2726

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کانادا، سێمینارێکی سیاسیی لە شاری تۆرێنتۆ بۆ بەڕێز خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزب ڕێکخست. ئەم کۆڕبەندە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی ئێرانی و کوردستانیی نیشتەجێی کانادا بەڕێوە چوو.

 لە سەرەتای بەرنامەکەدا، ڤیان گوڵشەن وەک بەڕێوەبەری سێمینارەکە بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و پاشان بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" ڕێوڕەسمەکە بە فەرمی دەستی پێکرد.

 لە بەشێکی تری کۆڕەکەدا، پەیامی کۆمیتەی حیزب لەلایەن سەعید گوڵشەن پێشکەش کرا کە تێیدا جەخت لەسەر پێویستیی لێکتێگەیشتن و هاوکاریی لایەنەکان لەم قۆناغە هەستیارەدا کرایەوە.

هاوکات دوکتور فەرەیدوون ڕەحمانی، مامۆستای زانکۆی یۆرک، وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر زەبرە کاریگەرییەکانی سەر جەستەی ڕێژیمی تاران و پێویستیی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ گۆڕانی بنەڕەتی.

لە تەوەرەی سەرەکیدا، کاک خالید عەزیزی شیکارییەکی وردی بۆ دۆخی سیاسیی ئێران و ناوچەکە پێشکەش کرد. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای زۆریی نەیارانی کۆماری ئیسلامی، بەهۆی نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکی یەکگرتوو و پەیرەوکردنی سیاسەتی دژایەتیی یەکتر لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە، نەک هەر کاردانەوەی بەهێز لە دژی ڕێژیم پێک نەهاتووە، بەڵکوو وای کردووە لە هاوکێشە و ناوەندە بڕیاردەرە نێودەوڵەتییەکانیشدا حیساب بۆ ئۆپۆزیسیۆن نەکرێت.

عەزیزی لە درێژەی قسەکانیدا پرسی چەکدارکردنی کوردانی بە توندی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە گەلی کورد ٤٧ ساڵە بەبێ پێویستی بە چەکی دەرەکی، خەباتی بەردەوامی کردووە. هەروەها لەسەر پرسی جیابوونەوەش ڕوونی کردەوە کە بیری سەرەڕۆیانەی دەسەڵات و سەرکوتی مافەکان، هۆکاری سەرەکین بۆ تێکچوونی یەکپارچەیی.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە بەشێکی تری قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئاڵوگۆڕە نێودەوڵەتییەکان و ڕایگەیاند کە بە کۆتاییهاتنی پرسی ئەتۆمی، دەرفەتێکی نوێ دەڕەخسێت بۆ ئەوەی سەرنجی جیهان بۆ لای دێموکراسی و مافی مرۆڤ لە ئێراندا ڕابکێشرێت، ئەمەش پێویستی بە جۆرێک لە هاوکاریی جیددی لە نێوان پێکهاتەکاندا هەیە.

 ناوبراو جەختی کردەوە کە کورد ئامادەیە بەرپرسانە لەم بوارەدا چالاکی بکات. لە کۆتاییدا، بەشی دووەمی سمینارەکە بۆ پرسیار و وڵامی ئامادەبووان تەرخان کرا و کاک خالید عەزیزی بەوردی وڵامی سەرجەم سەرنج و تێبینییەکانی بەشداربووانی دایەوە.