ڕۆژی شەممە، ٩ی جۆزەردان، بە دەستپێشخەریی بەشی پێوەندییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێکخراوی "ماڵی کورد"، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی هێزە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە وڵاتی بێلژیک بەڕێوە چوو.
کۆبوونەوەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، بەتایبەت شەهیدان موجتەبا وەیسی و مەیسەم وەیسی" دەستی پێکرد.
لە سەرەتادا، هاوڕێیان "سەعدوون بەهرامیان و بەها ئیبراهیمی" تیشکیان خستە سەر گرینگیی یەکڕیزی و هاوکاریی لایەنە کوردییەکان بۆ گەیاندنی دەنگی مەزڵومیەتی گەلی کورد بە ناوەندە ئورووپاییەکان و دەوڵەتی بێلژیک.
دواتر نوێنەرانی لایەنە بەشداربووەکان بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد و لە کۆتاییدا بڕیاریان دا بەفەرمی "کۆمیتەی هاوکاریی هێز و لایەنە کوردستانییەکان" لەو وڵاتە دابمەزرێنن.
لایەنە بەشداربووەکان بریتی بوون لە نوێنەرانی: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سازمانی خەبات، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، یەکیەتیی ژنانی دێموکرات، ڕێکخراوی ماڵی کورد، پارتی پێشڤەرۆ و پارتی یەکیەتی دێموکراتی کورد (ڕۆژاوا)، پارتی سۆسیالیستی کوردستان (باکوور) و کۆمەڵەی زاگرۆس.