کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی پێکدادانەکانی ئەمریکا و ئێران لەژێر سێبەری ئاگربەستدا

08:36 - 13 جۆزەردان 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە چەندین مووشەکی بالستیک و دڕۆنی ئێرانییان تەقاندووەتەوە و لە چوارچێوەی بەرگری لە خۆ و لە وڵامی هێرشەکانی تاران بنکەیەکی کۆنترۆڵی زەوینیی ئێرانیان لە دوورگەی قشم کردووەتە ئامانج.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەمریکا، دوو مووشەکی ئاراستەکراو بۆ سەر کوەیت تێکشکاون و سێ مووشەکی دیکەش کە بەرەو بەحرەین تەقێندراون، لەلایەن پاتریۆتی ئەمریکا و بەحرەینەوە خراونەتە خوارەوە.

سێنتکام هەروەها ڕایگەیاند کە سێ درۆنی ئێرانیان کە ئاراستەی کەشتییە مەدەنییەکان کرابوون، تێکشکاندوون و لەم تێکهەڵچوونەدا هیچ سەربازێکی ئەمریکایی زیانی پێ نەگەیشتووە.

لە بەرامبەردا، سەرچاوەکانی ڕێژیم باسیان لە ڕوودانی لانیکەم سێ تەقینەوە لە کوەیت و پەککەوتنی سیستەمێکی بەرگریی ئەمریکا کردووە.

سپای پاسداران ڕایگەیاند کە بەهۆی پێکرانی دەکەڵێکی موخابەراتییان لە باشووری قشم، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ناوگانی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا و هۆشدارییان دا کە لە ئەگەری بەردەوامیی دەستدرێژییەکان، وڵامی داهاتوویان زۆر قورستر دەبێت.

سێنتکام جەختی کردەوە کە هێزەکانیان لە ماوەی ئاگربەستی ئێستادا لە ئامادەباشی تەواودا دەمێننەوە.