کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێلیتاریزەکردنی بۆکان و بێزاریی گشتی لە شینگێڕانی بەکرێگیراوانی ڕێژیم

09:15 - 31 جۆزەردان 2726

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیتەی تەشکیلاتی نهێنیی بۆکان لە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥، ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی شینگێڕانی شەوانە بۆ ڕێبەرە کوژراوەکانی، شەقامی سەرەکی لە چوارڕێیانی بەهایی تا مەیدانی فەرمانداریی دادەخات.

بڵاوکردنەوەی دەنگی بەرزی مەداحی تا درەنگانی شەو، بووەتە هۆی بێزاریی دانیشتووان، پەکخستنی کاری کاسبکاران و دروستکردنی ترافیکێکی قورس.

ناوەندە ئەمنییەکان گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر فەرمانبەرانی حکوومی بۆ بەشداریی زۆرەملێ، بەڵام هاووڵاتییان دژی ئەم ڕەفتارانە وەستاونەتەوە و بێجگە لە چەند پاسدار و بەکرێگیراوێک، کەس بەشدار نییە.

ڕێژیم لە ترسی ناڕەزایەتی، هێزی چەکداری لە کۆڵانەکانی دەوروبەری فەرمانداریدا جێگیر کردووە بۆ تۆقاندنی خەڵک. هاوكات کامێرای چاودێریی نوێی لەسەر باڵەخانە دەوڵەتییەکانی وەک موخابرات داناوە و بنکەیەکی ژێربەژێریشی بە ناوی "موەکەبی ڕاهێنانی چەک" بۆ مەشقی سەربازیی لایەنگرانی خۆی کردووەتەوە، کە ئەمەش ترسی قووڵی تاران لە ڕاپەڕینی شارەکە پێشان دەدات.