کارناسانی سیاسەتی دەرەوەی هۆشداری دەدەن کە ڕێژیمی ئێران دەیەوێت هێرشەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل، وەک ئامرازێک بۆ گوشارخستنە سەر ئەمریکا و تاقیکردنەوەی خۆڕاگریی لێکگەیشتننامە نوێیەکەی نێوانیان بەکار بهێنێت.
ڕێبێکا هاینریش، توێژەری باڵای دامەزراوەی هادسن لە وتووێژ لەگەڵ "فاکس نیوز'' باسی لەوە کردووە کە تاران لە ڕێگەی ئەم هێزە نیابەتییەوە کە خۆی پارە و چەکی پێ دەدات، دەیەوێت ئاستی ئامادەیی واشنگتۆن بۆ پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل بسەنگێنێت.
ناوبراو جەخت دەکاتەوە کە تاران بەم کارە تاقی دەکاتەوە ئایا ئەمریکا بۆ پاراستنی ڕێککەوتنە گەورەکە، ئیسرائیل ناچار بە دانبەخۆداگرتن دەکات یان نا.
هاوکات، بێهنام بن تالیبلوو لە دامەزراوەی بەرگری لە دێموکراسییەکان دەڵێت، سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان، تاران هەڵسوکەوتی خۆی نەگۆڕیوە و بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی گرژییەکان لە دژی ئیسرائیل.
ئەم دۆخە دوای ئەوە هات کە حیزبوڵڵا زیاتر لە ٥٠ مووشەکی ئاراستەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان کرد کە بە وتەی چاوەدێران، دەتوانێت هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی درێژخایەن بە تەواوی ئاڵۆز بکات.