دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، هیچ جۆرە باج و سەرانەیەک لە گەرووی هۆرمۆزدا ناسەپێندرێت.
ترامپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "لە ماوەی ئاگربەستدا، بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ هیچ سەرانەیەک لە گەرووی هۆرمۆزدا بوونی نابێت."
ئەو ئاماژەی بەوەش کردووە کە دوای کۆتاییهاتنی ئەم ماوە ٦٠ ڕۆژەیەش هیچ سەرانەیەک وەرناگیرێت، مەگەر ئەوەی لە ئەنجامی دانوستانەکاندا ڕێککەوتنی کۆتایی نەیەتە ئاراوە و ئەمریکا بڕیاری وەرگرتنی باج بدات.
سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕوونی کردەوە کە هەر جۆرە سەرانەیەک لە داهاتوودا بسەپێندرێت، وەک قەرەبوویەک دەبێت بۆ ئەوەی کە ئەو وەک ڕۆڵی ئەمریکا وەک "فریشتەی پاسەوان"ی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوی دەبات و هەروەها بۆ دابینکردنی تێچووە ئەمنییەتییەکانی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو تەرخان دەکرێت.
گەرووی هۆرمۆز یەکێکە لە گرنگترین هێڵەکانی کەشتیوانی لە جیهاندا و ڕێڕەوێکی گرنگە بۆ هەناردەکردنی نەوتی جیهان.
ئەم لێدوانانەی ترامپ لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە دەوڵەتەکەی دوای ڕێککەوتنی ئاگربەستی ئەم حەوتوویە، بەردەوامە لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئێراندا.