کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتی دوای ئاشکراکردنی گەندەڵی بەرپرسانی ڕێژیم لە دێهلۆران

09:56 - 31 جۆزەردان 2726

دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێهلۆران بە ناوەکانی مستەفا محەممەدی و موجتەبا یاوەر، دوای ئاشکراکردنی دۆسییەکانی گەندەڵیی دارایی بەرپرسانی ئەو شارە، لە لایەن هێزەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کران و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گوازرانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، ڕۆژی شەممە ٣٠ی جۆزەردان، هێزەکانی ڕێژیم هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی مستەفا محەممەدی و دوای دەسبەسەرکردنی، بۆ دادگای دێهلۆران گواستراوەتەوە و دواتر موجتەبا یاوەر کە بۆ بەدواداچوونی دۆخی هاوڕێکەی و هاوڕێیەتیکردنی بنەماڵەکەی چووبووە دادگا، هەر لەوێ دەسبەسەر کراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، مستەفا محەممەدی لەگەڵ تۆمەتی قورس و سیناریۆ بۆ داڕێژراوی "پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی نەیار و ئیسرائیل" ڕووبەڕوو کراوەتەوە و تۆمەتی موجتەبا یاوەریش "بڵاوکردنەوەی بابەتی ڕەخنەیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" ڕاگەیەندراوە.

ئەم دوو هاووڵاتییە لەم دواییانەدا لە لاپەڕە تایبەتەکانی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەستیان دابووە ئاشکراکردن و ڕەخنەی توند سەبارەت بە گەندەڵیی بەرپرسانی شاری دێهلۆران.

بەرپرسانی دادوەریی ڕێژیم بۆ ئازادکردنی کاتیی موجتەبا بارمتەی ١ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بۆ مستەفا ٨٠٠ میلیۆن تمەنییان دیاری کردووە.

مستەفا محەممەدی پێشتریش لە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا دەسبەسەر کرابوو.