بەپێی زانیارییە نێوخۆییەکان، هێزەکانی سپای پاسداران لە هاوکاتی دەستپێکردنی وەرزی کۆچ بۆ کوێستانەکان، گۆشارێکی توندیان بۆ سەر مەڕداران و کۆچەریانی ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار، شنۆ و مەرگەوەر دەست پێکردووە.
سپای پاسداران نزیکبوونەوەی ئاژەڵدارانی لە مەودای سێ کیلۆمەتریی خاڵی سفری سنووری قەدەغە کردووە، ئەمەش مەترسی لەسەر لەنێوچوونی سەرچاوەی بژێویی سەدان بنەماڵە دروست کردووە کە لەوەرگە سەرەکییەکانیان لەو ناوچانەدایە.
هاوکات، هێزە ئەمنییەکان هاتوچۆی هاووڵاتییانیان بە مۆڵەتی پێشوەختە مەرجدار کردووە و بۆ توندکردنەوەی چاودێرییەکان دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی زانیاریی کەسی، ژمارەی مۆبایل و پلاکی ماشێنی مەڕداران.
لە لایەکی ترەوە، سپای پاسداران گوشاری خستووەتە سەر خەڵکی ناوچەکە بۆ ئەوەی چەک هەڵگرن و ببنە ئەندام لە "بەسیجی عەشایری" تا لە دژی هێزە کوردییەکان بەکاریان بهێنێت؛ بەڵام زۆربەی هەرە زۆری مەڕداران و کۆچەریانی نیشتمانپەروەر، بە توندی ئەم داواکارییەی ڕێژیمی ئێرانیان ڕەت کردووەتەوە و ئامادە نەبوون ببنە بەشێک لەم پیلانە ئەمنییەتییە.