فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە نەوتهەڵگرێکیان پەکخستووە کە بە نیاز بوو بەرەو بەندەرێکی ئێران بڕوات، ئەمەش دوای ئەوەی سەرنشینانی کەشتییەکە چەندین جار هۆشدارییەکانی هێزەکانی ئەمریکایان پشتگوێ خست.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سێنتکام، کەشتیی "M/T Lexie" کە ئاڵای بۆتسوانای پێوە بووە، لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بەرەو دوورگەی "خارک" لە حاڵی تێپەڕبووندا بووە، بەڵام خەدەمەی کەشتییەکە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا پابەندی ڕێنمایی و فەرمانەکانی هێزەکانی ئەمریکا نەبوون.
سێنتکام ئاماژەی بەوەش کردووە کە فڕۆکەیەکی ئەمریکا لە کۆتاییدا بە تەقاندنی مووشەکێکی "هێڵفایەر" بۆ سەر ماتۆرخانەی کەشتییەکە، نەوتهەڵگرەکەی پەکخستووە و ڕێگەی نەداوە بگاتە ئێران.
ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە کەشتییەکە لە کاتی ڕووداوەکەدا بەتاڵ بووە و هیچ بارێکی پێ نەبووە.
لە بەرامبەردا، سپای تێرۆریستیی پاسداران ڕایگەیاند لە وڵامدانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کە ڕێگرییان لە نەوتهەڵگرێک کردبوو بچێتە بەندەرەکانی ئێران، هێرشی کردووەتە سەر کەشتیی "پانایا".
شایانی باسە سێنتکام لە ١٣ی ئەپریلی ڕابردووەوە دەستی بە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی لەسەر هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان بۆ بەندەرەکانی ئێران و بەپێچەوانەوە کردووە.
سێنتکام ڕایگەیاندووە کە هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی ئاگربەست لەگەڵ ئێران، هێزەکانی ئەمریکا تا ئێستا ٦ کەشتیی بازرگانییان پەکخستووە و ئاراستەی ١٢٢ کەشتیی دیکەشیان گۆڕیوە.