کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی حیزبوڵڵا لە هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان

09:45 - 1 پووشپەڕ 2726

نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، ڕۆژی یەکشەممە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلی لە خاکی لوبنان کرد و هۆشداریی دا کە ئەم گرووپە وڵامی هەر جۆرە پێشێلکارییەکی ڕێککەوتنی ئاگربەست دەداتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "جرۆزاڵم پۆست"، ناوبراو ئیسرائیلی بە "دەستدرێژیکار" ناو برد و ڕایگەیاند کە هیچ ناوچەیەکی ئارام بۆ سەربازانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە باشووری لوبناندا بوونی نابێت.

قاسم هەروەها لایەنی ئیسرائیلی بە فریودانی دانوستانکاران تۆمەتبار کرد و وتی کە ئەو وڵاتە لە مانگەکانی ڕابردوودا چاوپۆشیی لە چەمکە سەرەکییەکان کردووە و تەنیا بەدوای چڕکردنەوەی هێرشەکان و سەپاندنی داواکارییەکانی خۆیدا بووە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە ئیسرائیل ڕایگەیاندووە هیچ پلانێکی بۆ کشانەوە لەم ناوچەیە نییە.

لەم پەیوەندییەدا، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەرتەش "ناوچەی ئەمنییەتی" لە باشووری لوبنان تا ئەو کاتەی پێویست بێت دەپارێزێت.

هاوکات، ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە هێزەکانیان بێ هیچ سنوورێک بۆ لەنێوبردنی هەڕەشەکان بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەرتەشی ئیسرائیل بەردەوامیی خۆی لە بەئامانجگرتنی چەکدارانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان پشتڕاست کردووەتەوە.