کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لیندزی گراهام: ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن، ترامپ گەرووی هۆرمۆز کۆنترۆڵ دەکات

10:02 - 1 پووشپەڕ 2726

لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەر دانوستانە دیپلۆماتیکەکان لەگەڵ تاران شکست بهێنن، دۆناڵد ترامپ بە تەمایە بە زەبری هێز کۆنترۆڵی گەرووی هۆرمۆز بکات و باج لە کەشتییەکان وەربگرێت.

گراهام لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "سی بی ئێس" وتی: ''با ڕێگەچارەی دیپلۆماسی تاقی بکەینەوە، هەرچەندە پێم وایە شکست دەهێنێت.'' ئەو ئاماژەی بە کۆبوونەوەی چوار کاتژمێریی خۆی لەگەڵ ترامپ کرد و هۆشداریی دا: ''ئەگەر ڕێککەوتنەکە سەرنەکەوێت، ئەمریکا بە هێزی سەربازی گەرووی هۆرمۆز کۆنترۆڵ دەکات، باج لە بەکارهێنەرانی دەسێنێت بۆ دابینکردنی تێچووی ئۆپەراسیۆنەکە و لەم ساڵەدا پەیماننامەکانی ئیبراهیمیش پەرە پێدەدات.''

ئەم لێدوانە توندانەی گراهام لە کاتێکدا دێن کە جەی دی وێنس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا لەگەڵ ستیڤ ویتکاف و جێرد کۆشنێر، لە سویس لەگەڵ هەیئیتی ئێرانی کۆبوونەوە و یەکەم خولی دانوستانەکانیان دەست پێکردووە.