کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە" لە ١٢٣ـەمین حەفتەی چالاکییەکانیدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن لە تەقینەوەی تووڕەیی گشتی بەهۆی داڕمانی ئابوورییەوە، شەپۆلێکی توندی لەسێدارەدان و سەرکوتی بەڕێوە بردووە و دەیەوێت ناڕەزایەتییەکان بە دەستی دەرەکی پێناسە بکات.
لە بەیاننامەی ئەو کەمپەینەدا ئاماژە بە لەسێدارەدانی دوو کەس لە ناڕازییانی دەسبەسەرکراو بە ناوەکانی ئەشکان مالکی و مێهرداد محەممەدینیا و هەروەها شەهیدبوونی دوو برای کورد بە ناوەکانی موجتەبا و مەیسەم وەیسی بە دەستی سپای پاسداران کراوە.
هاوكات هۆشداری دراوە کە چەندین بەندکراوی سیاسی لە مەترسیی جیدیی لەسێدارەداندان، لەوانە: ڕەئووف شێخمەعرووفی و محەممەد فەرەجی، زەهرا تەوەبەری، بێنیامین نەقدی، و حەسەن و حوسێن ئەمیری.
ئەو کەمپەینە ڕایگەیاندووە کە دەزگا ئەمنییەتییەکان بۆ بێدەنگکردنی خەڵک، گوشاری توندیان خستووەتە سەر بنەماڵەی بەندکراوان و داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە هەڵوێستی جیددی دژی ئەم لەسێدارەدانە نادادپەروەرانەیە بگرنەبەر.