کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوە لە دامەزراوەیەکی گازیی قەتەر ٥٤ بریندار و ١٨ی بێسەروشوێنی لێ کەوتەوە

10:13 - 1 پووشپەڕ 2726

وەزارەتی نێوخۆی قەتەر ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەیەک لە ناوچەی پیشەسازیی "ڕەئس لەفان"، ٥٤ کەس بریندار بوون و ١٨ کەسی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.

بە وتەی بەرپرسانی قەتەر، ڕووداوەکە ئێوارەی یەکشەممە بەهۆی "کێشەیەکی تەکنیکی" لە کاتی دووبارە دەستپێکردنەوەی کارەکان لە شاری پیشەسازیی ڕەئس لەفان ڕووی داوە، کە بووەتە هۆی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە دامەزراوەی دابینکردنی گازی نێوخۆیی "بەرزان".

هەواڵدەریی فەرانسە بڵاوی کردەوە، کڵپەی ئاگر و ستوونی دووکەڵی ناوچەکە لە مەودای ٢٠ کیلۆمیترییەوە دەبینرا. جێی ئاماژەیە کە ڕەئس لەفان گەورەترین ناوەندی بەرهەمهێنانی گازی سروشتیی شل (LNG) لە جیهانە.

کۆمپانیای دەوڵەتیی "قەتەر ئێنێرژی" ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە بەردەوامە و وەزارەتی نێوخۆش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی گەڕانی بۆ دۆزینەوەی ١٨ کەسە بێسەروشوێنەکە ڕاگەیاندووە.

 ناوچەی ڕئس لەفان پێشتریش لە کاتی شەڕی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی ئێراندا بەهۆی هێرشە دڕۆنییەکانی ئێران بۆ سەر ژێرخانی وزەی قەتەر زیانی بەرکەوتبوو.