دادستانی گشتیی زاهێدان دەرکردنی حوکم بۆ سەر ١١١ کەس لە دەسبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی رێژیمی ئێران مەهدی شەمس ئابادی، دادستانی گشتیی زاهێدان ڕایگەیاندووە کە پاش دەرکردنی تۆمەتنامە و بڕینی قۆناغەکانی دادگاییکردن، حوکمی دادوەری بۆ ١١١ کەس دەرکراوە کە لە کاتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٤دا دەسبەسەر کرابوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕێژیمی ئێران کەشی شەڕ و گرژییە ناوچەییەکانی ئەم دواییەی قۆستووەتەوە بۆ چڕکردنەوەی شەپۆلی سەرکوتکاریی نێوخۆیی و تۆڵەکردنەوە لە ناڕازییان.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هۆشداری دەدەن کە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران گەیشتووەتە قۆناغێکی قەیراناوی. لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکاوە، کۆماری ئیسلامی توندوتیژییەکانی دژی هاووڵاتییانی خۆی زیاد کردووە؛ بە شێوەیەک کە لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٤٠ کەس لە سێدارە دراون.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ئەم دواییەی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی گرتنی سەرەڕۆیانە، بڕینی ئینتێرنێت و دەرکردنی حوکمی ناڕەوای سێدارە و بەندکردن، دەیەوێت ترس لەنێو کۆمەڵگەدا بڵاو بکاتەوە تا ڕێگری لە هەر جۆرە ڕاپەڕینێکی جەماوەری بکات؛ بەڵام ئەم سیاسەتە سەرکوتکارانەیە ناتوانێت دەنگی مافخوازیی خەڵک کپ بکات.