وتەبێژی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم ڕایگەیاند لە چوارچێوەی "یاسای توندکردنی سزای هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەر"، ٣ هەزار و ٢٩٢ کەس دەسبەسەر کراون و بۆ ١ هەزار و ٦١ کەسیان تاواننامە (کیفرخواست) دەرکراوە.
ئەم شەپۆلە کتوپڕە دوای ئەوە هاتە ئاراوە کە سەرۆکی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم، هاوکات لەگەڵ هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران، فەرمانی زەوتکردنی ماڵی بەناو "هاوکارانی دوژمن" و هەڕەشەی لەسێدارەدانی دەرکرد.
چاوەدێرانی مافی مرۆڤ ئەم یاسایە وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ ڕەواییدان بە سەرکوتی نەیاران و تاڵانکردنی دارایی هاووڵاتییان دەبینن.
وتەبێژی دەزگای دادوەریی ڕێژیم ژمارەی گشتیی دەسبەسەرکراوانی بە ٣ هەزار و ٢٩٢ کەس ڕاگەیاندووە، بەڵام کاتێک جۆری تۆمەتەکان پۆلێن دەکات، کۆی ژمارەی دەسبەسەرکراوان تەنیا دەگاتە ٢ هەزار و ٨٠٠ کەس.
ئەمەش بەو مانایەیە کە چارەنووس و هۆکاری دەسبەسەرکردنی ٤٩٢ کەسی دیکە لەم ئامارەدا بە نادیاری هێڵدراوەتەوە کە نیشانەی بێبایەخیی مافی مرۆڤ و ناڕوونی لە پڕۆسەی دادگاییکردنی دەسبەسەرکراواندایە.