کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێنس: پارە ئازادکراوەکانی ئێران تەنیا بۆ کڕینی کاڵای ئەمریکایی بەکاردێن

16:57 - 1 پووشپەڕ 2726

جەی دی ڤێنس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە هەر جۆرە ئازادکردنێکی داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێران لە داهاتوودا، لەژێر چاوەدێرییەکی تونددا دەبێت و ئاراستەی ئەو کڕینانە دەکرێت کە هاوکات لە قازانجی جووتیارانی ئەمریکا و خەڵکی ئاساییی ئێراندا بن.

ڤێنس لە سویس بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ چوارچێوەیەکی وای داناوە کە ڕێگری لە بەکارهێنانی ئەم پارانە بۆ دابینکردنی دارایی تێرۆریزم بکات.

بەپێی گەڵاڵەیەک کە لەگەڵ بەرپرسانی قەتەردا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، خەرجکردنی پارە ئازادکراوەکانی ئێران پێویستی بە ڕەزامەندیی هاوکاتی ئەمریکا و قەتەر دەبێت و تەنیا بۆ کڕینی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک سۆیا، گەنمەشامی و گەنمی ئەمریکایی بەکار دێت تا ڕادەستی خەڵکی ئێران بکرێت.

ڤێنس جەختی کردەوە کە ئەم پێکهاتەیە بە جۆرێک داڕێژراوە کە تەنیا خەڵکی مەدەنی سوودمەند بن، نەک ڕێژیمی ئێران یان هێزە نیابەتییەکانی.

جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا، ئەم هەنگاوەی بە دەستکەوتێکی هاوبەشی جێرد کۆشنێر و تیمی دانوستانکار لەگەڵ قەتەرییەکان لە ناوچەی "بۆرگنستۆک" دانا و وەک "ڕێککەوتنێکی کلاسیکی ترامپ" وەسفی کرد؛ ڕێککەوتنێک کە وەک خۆی دەڵێت، هاوکات دەبێتە هۆی دەوڵەمەندبوونی جووتیارانی ئەمریکایی و تێرکردنی خەڵکی ئێران.