کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی بێ جیاکردنەوەی خەڵکی مەدەنی و هێزە نیزامییەکان، ئاماری کوژراوانی شەڕی بڵاو کردەوە

23:32 - 1 پووشپەڕ 2726

وتەبێژی دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاماری گشتیی کوژراوانی شەڕی چل ڕۆژەی نێوان ئێران و هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیلی بە ٣ هەزار و ٥١٩ کەس ڕاگەیاند، بەبێ ئەوەی هیچ جیاوازییەک لە نێوان کەسانی مەدەنی و هێزە سەربازییەکاندا بکات.

ڕۆژی دووشەممە ١ی پووشپەڕ، ئەسغەر جەهانگیر وتەبێژی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم ڕایگەیاند، بەپێی ئاماری فەرمیی پزیشکی داد لەو ژمارەیە ٣ هەزار و ٢ کەس پیاو و ٥١٧ کەس ژن بوون.

 ڕێژیمی ئێران هاوشێوەی هەمیشە بە مەبەست ئاماری کەسانی مەدەنی لە هێزە نیزامییەکانی جیا نەکردووەتەوە تا قەبارەی ڕاستەقینەی زیانە مرۆییەکان و بێتوانایی خۆی لە پاراستنی گیانی خەڵک بشارێتەوە. پێشتر ئاماری سەرەتایی قوربانییان ٣ هەزار و ٣٧٥ کەس ڕاگەیاندرابوو.

جەهانگیر ئاماژەی بەوەش کرد، چەندین کەس بە تۆمەتی ''هاوکاریی دوژمن'' دەسبەسەر کراون کە ٤٤ لەسەدیان یان هێشتا لە گرتنگەی کاتیدان.

 لە کاتی دەستپێکردنی هێرشەکان لە ٩ی ڕەشەمەی پارەوە، ڕێژیمی ئێران سەدان هاووڵاتیی کورد و ئێرانیی بە تۆمەتی بێبنەمای وەک ''سیخوڕی و هەوڵدان دژی ئەمنییەتی میللی'' دەسبەسەر کردووە و لە چەندین حاڵەتیشدا لە سێدارەی داون، ئەمەش تەنیا بۆ دروستکردنی کەشی ترس و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکانە.