ئەندامێکی دێرین و تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێران لە ناوچەی ڕەبەت، بەهۆی پیری و نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، کاک ساڵح ڕۆستەمی ناسراو بە "ساڵح سوورەی وسوەکەلی"، خەڵکی گوندی وسوەکەلی ناوچەی مەیدان چۆغەی ڕەبەت، لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاك ساڵح لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەردا پەروەردە ببوو؛ هەر لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا و لە ساڵانی ١٣٤٦ و ١٣٤٧ی هەتاوی، ماڵ و مووچەکەی بوو بە حەشارگەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب. لە کاتی شۆڕشی گەلانی ئێرانیشدا لە ساڵی ١٣٥٧، چالاکانە بەشداریی لە خۆپێشاندانەکان و گرتنی پاسگای دارساوێندا کرد.
لەگەڵ ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات، ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە تەشکیلاتەوە کرد و بوو بە یاوەری کادری نەمر شەهید "ڕەسووڵ خەباتی".
ناوبراو وەک پێشمەرگەی هێزی بەرگری، لە چەندین شەڕی چارەنووسسازدا دژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی قارەمانێتیی نواند، لەوانە: شەڕی پردی دووبرالان، شەڕی چل ڕۆژەی دارساوێن لە ساڵی ١٣٥٩، و شەڕەکانی پردی بریسوێ، قەڵاتی ڕەبەت و هتد. جگە لە شەڕ، لە دابینکردنی تداروکاتی پێشمەرگەشدا دەورێکی کاریگەری گێڕا.
کاک ساڵح لە ساڵی ١٣٧٢ بەدواوە، لە هاوکاریکردنی کادرەکانی ناوچەکە و جێبەجێکردنی ئەرکە تەشکیلاتی و نھێنییەکانی وەک بڵاوکردنەوەی تراکت و تەبلیغاتی حیزبی بەردەوام بوو.
بەهۆی دڵسۆزی و نیشتمانپەروەریشیەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان کەسایەتییەکی خۆشەویست و جێی متمانەی خەڵک بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.