کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەحکوومکردنی ڕێگریی دەوڵەتی فەڕانسە لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ٢٠ی ژوئەن لە پاریس

09:31 - 2 پووشپەڕ 2726

هاوپەیمانیی سیاسیی "هاوپێوەندیی گشتگیر بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران"، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک بڕیاری بەرپرسانی فەڕانسەی بۆ ڕێگریگرتن لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ٢٠ی ژوئەن لە پاریس بە توندی مەحکووم کرد.

ئەم کۆبوونەوەیە کە بە بانگهێشتی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق و بۆ داکۆکیکردن لە بەندکراوانی سیاسی و دژایەتیکردنی شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لە ئێران ساز کرابوو، لە دوایین کاتژمێرەکاندا بە پاساوی ئەمنییەتی لەلایەن دەوڵەتی فەڕانسەوە قەدەغە کرا.

ئەو هاوپەیمانییە ڕایگەیاندووە کە ئەم بڕیارە ئیدارییە، بەبێ ڕەچاوکردنی پاساوە فەرمییەکان، پێشێلکردنی ئاشکرای بنەما سەرەتاییەکانی ئازادیی ڕادەربڕین و مافی کۆبوونەوەی ئاشتییانەیە.

لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پەرەپێدانی لەسێدارەدان، سەرکوتی ژنان، کرێکاران، خوێندکاران و نەتەوە بندەستەکان، یەکێک لە ڕەشترین کارنامەکانی مافی مرۆڤی لە جیهاندا تۆمار کردووە، چاوەڕوانیی گشتی لە دەوڵەتە دێموکراتیکەکان پاڵپشتیکردن لە دەنگی ناڕەزایەتیی گەلانە، نەک سنووردارکردنیان.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەزموون نیشانی داوە هەر کاتێک دەوڵەتە ڕۆژاواییەکان لەبەرامبەر تاراندا سیاسەتی سازش و مامەڵەی دیپلۆماتیکیان پێش خستووە، ڕێژیم لە سەرکوتی نێوخۆیی و ئاژاوەگێڕیی دەرەکیدا چاو و ڕو قایمتر بووە.

هاوپەیمانییەکە جەختی کردووەتەوە کە خەباتی خەڵکی ئێران بۆ ئازادی، یەکسانی و نەمانی دیکتاتۆری، بەردەوام دەبێت و داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هێزە ئازادیخوازەکانی جیهان کردووە کە دژی ئەم بڕیارەی فەڕانسە دەنگ هەڵبڕن و داکۆکی لە مافی بێ‌مەرجی کۆبوونەوە و ڕادەربڕین بکەن.

ئەم هاوپەیمانییە سیاسییە داوا لە فەڕانسە دەکات پێبەندی ئازادییە مەدەنییەکان بێت و پاڵپشتی لە خەڵکی ئێران و مافی کۆبوونەوەی نەیارانی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی لە پاریس بکات.