کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: هێزەکانی ئیسرائیل تا کاتێک پێویست بێت لە باشووری لوبنان دەمێننەوە

09:38 - 2 پووشپەڕ 2726

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی دەسەڵاتی تەواویان بۆ وەشاندنی گورز لە هەر هەڕەشەیەک لە باشووری لوبنان هەیە و تا کاتێک پێویست بێت لە ناوچە ئەمنییەتییەکەی سەر سنوور دەمێننەوە.

ئەم هەڵوێستە توندەی تێلاڤیڤ دژی حیزبوڵڵا، نیشانەی ڕەتکردنەوەی گوشارە نێودەوڵەتییەکانە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.

نێتانیاهوو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وتی: "فەرمانی ئێمە بۆ ئەرتەش ڕوونە؛ سەربازانی ئێمە ئازادیی تەواویان بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر مەترسییەک دژی دانیشتووانی باکوور هەیە و ئەرتەش لەمبارەیەوە هیچ سنووردارکردنێکی نییە."

ناوبراو جەختی کردەوە کە بڕیاری مانەوە لەو ناوچەیە بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی ئیسرائیل قەت ناگۆڕێت.

ئەم هەڵوێستە توندەی تێلاڤیڤ دژی حیزبوڵڵا کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی دانوستانەکانی ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران لە سویس، نیشانەی ڕەتکردنەوەی گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکەیە.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە لەم گفتوگۆیانەدا گەیشتوونەتە "مێکانیزمێکی کەمکردنەوەی گرژییەکان" بۆ دروستکردنی هێڵی پەیوەندیی خێرا لە نێوان ئیسرائیل، لوبنان، حیزبوڵڵا و هاوپەیمانە ناوچەیییەکان لە کاتی پێکداداندا، تا ڕێگری لە تەشەنەسەندنی شەڕێکی بەربڵاوتر بکرێت؛ بەڵام پێداگرییەکەی نێتانیاهوو نیشان دەدات کە ئیسرائیل ستراتێژیی سەربازیی خۆی لەسەر زەوی ناگۆڕێت.