کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئەگەر ئێران پێبەندی ڕێککەوتننامە نەبێت، هەر کارێک پێویست بێت، دەکەین

09:42 - 2 پووشپەڕ 2726

دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند ئەگەر ئێران بەنیسبەت ڕێککەوتننامەی ئەمجارەوە دەروەست نەمێنێت یان هەڵسوکەوتێکی نەشیاو لە خۆی نیشان بدات، هەر هەوڵێک کە پێویست بکات، دەیگرینە بەر.

دۆناڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە ١ی پووشپەڕ، لە وتووێژێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەو ڕێککەوتننامە هەتا کاتێک بەردەوام دەبێت کە ئێران ڕێزمان لێ بگرێت".

نابراو پێداگرە لەسەر ئەوەی بەشێکی بەرچاو لە توانای سەربازیی ڕێژیمی ئێران لەنێو چووە.

ترامپ لەوبارەوە ڕایگەیاند: "ئێمە ئاستی پلەی یەک و دوو و سێی فەرماندەیی سەربازیی ئێرانمان لەنێو بردووە".

لەو کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەدا سەرۆککۆماری ئەمریکا لەبارەی گەرووی هۆرمۆزەوە وتی: "گەرووی هۆرمۆز بەتەواوی کراوەیە و دۆخەکە لەو شوێنەدا ئاساییە".

پێشتریش جەی دی ڤێنس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە دانوستانکارانی وڵاتەکەی لە گفتوگۆ باڵاکانی سویس لەگەڵ ئێراندا، بە تەواوی ئەو چوارئامانجە سەرەکییە گەیشتوون کە پێشوەختە دیارییان کردبوون.

هەرکام لەو ئامانجانەی ئەمریکا بریتیین بوون لە: پێکهێنانی مێکانیزمێکی کارا بۆ پاراستنی ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پێکدادانێک، پاراستنی ئاگربەستی ناوچەیی و دروستکردنی هێڵی پێوەندیی ڕاستەوخۆ بۆ کۆنترۆڵکردنی کتوپڕی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل، حیزبوڵڵا و لایەنەکانی دیکە، ڕەزامەندیی ئێران بۆ گەڕانەوەی پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و ڕێکخستنی بنەمای دانوستانە تێکنیکییەکانی لە حەفتەکانی داهاتوو بە بەشداریی ئەمریکا، ئێران، قەتەر و پاکستان.