کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرهەڵدانی ناکۆکیی قووڵ لە نێوان باڵەکانی دەسەڵات لە تاران سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی

11:11 - 2 پووشپەڕ 2726

لێدوانە دژبەیەکەکانی دامەزراوە دیپلۆماسییەکان و میدیاکانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، بوونی ناکۆکییەکی جیددی لە نێوان پێکهاتەکانی دەسەڵاتدا بەرامبەر بە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی دۆسییەی ئەتۆمی و دانوستانەکان دەخاتە ڕوو.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیم ڕایگەیاند هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە چوارچێوەی بەڵێننامە پارێزبەندییەکان و بەپێی یاساکانی سەرەوە بەردەوام دەبێت.

هاوکات، هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیرنا" جەختی کردەوە کە تیمی دانوستانکار لە گفتوگۆکانی سویسدا هیچ جۆرە بەڵێنێکی زێدەکاریی لە دەرەوەی چوارچێوە یاساییەکان قەبووڵ نەکردووە.

لە بەرامبەردا، هەواڵدەریی "تەسنیم"ی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران، بە توندی پاشەکشەی گەڕانەوەی چاوەدێرانی نێودەوڵەتیی ڕەت کردەوە و لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکای لەمبارەیەوە بە "تێکدەرانە" وەسف کرد.

ئەم میدیا ئەمنییەتییە هۆشداریی دا کە هەر جۆرە دەستڕاگەیشتنێکی نوێ، ستراتێژیی "ناڕوونیی ئەتۆمی"ی ئێران پووچەڵ دەکاتەوە و دەبێتە هۆی تەواوکردنی زانیارییە سیخوڕییەکانی ئەمریکا.

تەسنیم وێڕای ئەوەی چاوەدێرانی ئاژانسی بە "سەربازی پیادەی ئەمریکا" ناو برد، جەختی کردەوە کە پێویستە بەرپرسانی حکوومەتی ڕێگری لەم پرۆسەیە بکەن.

ئەم دۆخە نیشاندەری ڕووبەڕووبوونەوەی ئاشکرای پێکهاتەی سەربازی و دیپلۆماسیی کۆماری ئیسلامییە لە دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی دەرەوەدا.