کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا ٤ سەڕافی ڕەمزئەرزی ئێران و بەڕێوەبەرەکانی گەمارۆ دان

09:42 - 13 جۆزەردان 2726

تامی پیگۆت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە وەزارەتی خەزێنەداریی وڵاتەکەی، گەورەترین سەڕافییەکانی دارایی دیجیتاڵی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە.

بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا، ٤ سەڕافیی گەورەی ڕەمزئەرز لە ئێران بە ناوەکانی "نۆبیتێکس، بیت‌پین، ڕەمزینکس و والێکس" بەهۆی پشتیوانیی بەرچاو لە کۆماری ئیسلامی و ئەنجامدانی مامەڵە دیجیتاڵییەکانی سەر بە سپای پاسداران، گەمارۆیان بەسەردا سەپێندراوە و بەڕێوەبەرەکانیشیان کراونەتە ئامانج.

پیگۆت ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم سەڕافییانە ڕێگەیان بۆ سپای پاسداران خۆش دەکرد تا مامەڵەی نایاسایی ئەنجام بدات و یارمەتیی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانیان دەدا بۆ تێپەڕاندنی گەمارۆکانی ئەمریکا و گواستنەوەی سەرمایەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات.

ناوبراو ئەم گەمارۆیەی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ڕێگریکردن لە دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆریزم و دەربازبوون لە گەمارۆکان ناو برد.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارە درێژەی هەڵمەتی گوشارە زۆرینەکانی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپە دژی کۆماری ئیسلامی.

ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە شوێنپێهەڵگرتنی پارەکانی ڕێژیمی ئێران چ لە ڕێگەی بانکداریی باو و چ لە ڕێگەی داراییە دیجیتاڵییەکانەوە بەردەوام دەبێت، تا ڕێگری لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆریزم لەلایەن تارانەوە بکات.