کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی نان بە شێوەی فەرمی لە تاران ١٠٠ لەسەد گران بوو

13:50 - 2 پووشپەڕ 2726

بەپێی نوێترین نرخی دیاریکراوی نان لەلایەن کارگرووپی ژووری ئەسنافی ئارد و نان، لە پارێزگای تاران بە شێوەی فەرمی نرخی هەموو جۆرەکانی نان ١٠٠ لەسەد گران بووە و خەڵک چیتر وەک پێشتر توانای کڕینی نان وەک سەرەکییترین خۆراکیی سەر سفرەیان نەماوە.

بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوە فەرمییە، لە ئێستا بەدواوە لە پارێزگای تاران نرخی نانی لەواش ٢ هەزار و ٧٠٠ تمەن، نانی بەڕبەڕی ١٠ هەزار تمەن و نانی سەنگەک بە ١٥ هەزار و ٥٠٠ تمەن دەبێت.

پێشتر نرخی نانی لەواش هەزار و ٤٠٠ تمەن، بەڕبەڕی ٥ هەزار و ٣٠٠ تمەن و سەنگەک ٧ هەزار و ٤٠٠ تمەن بووە.

محەممەدجەواد کەرەمی ئەندامی کارگرووپی ژووری ئەسنافی ئارد و نان گرانیی نانی بەو ڕادەیەی بۆ گرانیی ٦ لەسەدیی نرخی ئارد، چوونەسەرەوەی حەقدەست، چوونەسەرەوەی نرخی کارەبا و کرێ دووکان گەڕاندووەتەوە.

پێشتریش نرخی نان کە پارێزگای ورمێ ٧٠ بۆ ١٠٠ لەسەد بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیبوو.

لە پێڕستی خۆراکیی خەڵکی کوردستان و ئێراندا، نان بە خواردنی سەرەکی لەقەڵەم دەدرێت و گرانبوونی توانای کڕینی خەڵکی کەمداهات کەمتر دەکاتەوە و بەو شێوەیە هەژاریی خۆراکی ژیانی خەڵکی کوردستان و ئێران دەخاتە مەترسییەوە.