ڕۆژی دووشەممە، ١ی پووشپەڕی ١٤٠٥، گرووپی پەرلەمانیی هەموو پارتەکان بۆ کوردستانی ئێران (APPG) بە هاوکاریی بەڕێز ڕزگار ئالانی، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ نوێنەرانی حیزبەکانی هاوپەیمانیی کوردستانی ئێران لە پەرلەمانی بریتانیا ڕێکخست.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی هەردوو پەرلەمانتار، جۆن سلینگەر و ماری گلیندۆن، ئەندامانی گرووپی دۆستایەتیی پەرلەمانتاران بۆ کوردستانی ئێران، بەڕێوەچوو.
لە سەرەتادا، داوا لە نوێنەرانی حیزبەکان کرا ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستان، دۆخی گشتیی ئێران و کوردستان و کاریگەریی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەکی تر پێشکەش بکەن.
نوێنەرانی حیزبە هاوپەیمانەکان لە وتارەکانیاندا جەختیان لەسەر گرنگیی هاوپەیمانیی نێوان حیزبەکانی کوردستان کردەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە ئەم هاوپەیمانییە یەکەم هەنگاوی جیدی بۆ دروستکردنی دەنگ و هەڵوێستێکی یەکگرتوو لە ئاستی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتییە. هەروەها جەختیان لەسەر پێویستیی یەکگرتوویی هێزە دێموکراسیخوازەکان بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە.
لە بەشی وتارەکاندا، بەڕێز ڕزگار ئالانی (نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران - PDKI)، گوڵزار ئەڵماسی (نوێنەری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)، هادی ڕەسووڵزادە (نوێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران)، ڕزگار ڕەوشەنی (نوێنەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان - PJAK) و سەید وەفا ڕۆستەمزادە (نوێنەری پارتی ئازادی کوردستان - PAK) قسەیان کرد و ڕوانگە و هەڵوێستەکانی حیزبەکانیان لەسەر دۆخی ئێران، کوردستان و گرنگیی هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران خستنەڕوو.
ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی پەرلەمان و نوێنەرانی هەموو حیزبە سیاسییەکانیش بەشدارییان لەم کۆبوونەوەیەدا کرد.
لە کۆتاییدا، ئەم کۆبوونەوەیە بۆ بەهێزکردنی دەنگی هاوبەش، پێشخستنی هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، و نیشاندانی یەکگرتوویی لە بەرامبەر ڕووداوە سەرەکییەکانی ئێران بە هەنگاوێکی گرنگ هەژمارکرا. بەشداربووانیش پشتیوانییان لە بەردەوامیی ئەم جۆرە کۆبوونەوانە و پێشبردنی هاوئاهەنگیی سیاسی دەربڕی.