دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا بەنیسبەت ڕێککەوتننامەی دەوڵەتەکەی لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند ئێران بەڵێنی داوە کە هیچکات هەوڵی دروستکردنی چەکی ناوکی نادات.
سەرۆککۆماری ئەمریکا هۆشداریی دا کە هەر جۆرە هەوڵێک بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی، دەرهاویشتەیەکی کارەساتباری بەدواوە دەبێت.
هەروەها ترامپ لەو لێدوانە هەڕەشەئامێزەیدا ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند: "ئەگەر تاران دەیهەوێت بەدوای سەرئێشەوە بێت، با هەوڵی دروستکردنی چەکی ناوکی بدات".
ناوبراو بەئاماژەدان بە ڕێکارە تایبەتەکانی چاوەدێری بەسەر بەرنامە ناوکییەکانی تاران لە دوای ڕێککەوتننامەی ئەم دواییانە، پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە چاوەدێرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە کاتی گونجاودا سەردانی ئێران دەکەن.
هەروەها دوێنی سێشەممە ٢ی پووشپەڕ، کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی لە وتووێژێکدا لەگەڵ فاکس نیوز پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە بۆ ئەمنییەتی میللیی ئەمریکا و خەڵکی ئەو وڵاتە گرنگە کە ڕێژیمی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی هیچکات دەستی بە چەکی ناوکی نەگات.