ڕافائێل گرووسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕایگەیاند بە زووترین کات پشکنین و چاوەدێری بەسەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران دەست پێ دەکات.
ڕۆژی سێشەممە ٢ی پووشپەڕ، ڕافائێل گرووسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بە ئاماژەدان بە ڕێککەوتننامەی ٦٠ ڕۆژەیی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە ڕەوتی چاوەدێری و پشکنینی بەرنامەی ناوکی دەبێت بەبێ فیڕۆدانی کات بەرەو پێش بچێت.
گرووسی ڕایگەیاند ئاژانس لەبارەی شوێنی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ڕێژەی ٦٠ لەسەدی هەندێک زانیاریی لەبەر دەستدایە، بەڵام پێویستە کۆماری ئیسلامی بە شێوەی فەرمی شوێنی ڕاگرتنی ئەو ڕێژەیە ڕابگەیەنێت.
ناوبراو وتیشی: "ڕەنگە هەندێک لەو شوێنانەی ئۆرانیۆمی پێتێندراوی ٦٠ لەسەدی تێدا ڕاگیرابێت یان زیانی پێ گەشتبێت و دەبێت ڕێگەچارەی تایبەت بگیردرێتە بەر".
هەروەها گرووسی ڕایگەیاند کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەوبارەوە وتووێژ دەکەن و کات و شوێنی تایبەت بەو پرۆسەیە دیاری دەکەن.
پێشتریش جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ڕێگەیان بە پشکنینی بەرنامەی ناوکی بە چاوەدێریی چاوەدێرانی ئاژانس داوە.
هەروەها ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە چوارچێوەی بەڵێننامە پارێزبەندییەکان و بەپێی یاساکانی سەرەوە بەردەوام دەبێت.