دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ئێران لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی نوێدا لەگەڵ پشکنینی ئەتۆمی ڕێککەوتووە، بەڵام تاران دەسبەجێ ئەم لێدوانەی ڕەت کردەوە. ئەم ناکۆکییە لە دەستپێکی دانوستانەکاندا، پرسیاری جیددیی لەسەر داهاتووی ڕێککەوتنی ئاشتی هێناوەتە ئاراوە.
هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ڕایگەیاندووە کە هەردوو وڵات دوای کۆتاییهێنانی گەڕی یەکەمی دانوستانەکانیان لە سویس، گێڕانەوەی تەواو دژبەیەکیان لەسەر چەندین تەوەر پێشکەش کردووە، لەوانە: چۆنیەتیی خەرجکردنی داراییە ئازادکراوەکان، کۆنتڕۆڵی گەرووی هۆرمۆز و دۆخی شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە لوبنان؛ ئەمانەش هەموویان بەشێکی سەرەکین لەو ڕێککەوتنەی کە حەفتەی ڕابردوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ واژۆ کرا.
بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکەن کە هیچ بەڵێنێکیان لەسەر گەڕانەوەی چاوەدێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی نەداوە.
هاوکات، لە کاتێکدا ترامپ جەخت دەکاتەوە کە داراییە ئازادکراوەکان تەنیا بۆ کڕینی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا بەکار دێن، عەلی بەحرەینی، باڵیۆزی ئێران لە ژێنێڤ، ڕایگەیاندووە کە تاران خۆی بڕیار لەسەر شێوازی خەرجکردنی ئەو پارانە دەدات.
لەلایەکی دیکەوە، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە سەرقاڵی سەردانی وڵاتانی هاوپەیمانی خۆیەتی لە کەنداو، ڕایگەیاندووە کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی کۆتاییدا، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ئێران نادرێت باج یان تێچووی زیادە لە گەرووی هۆرمۆز لە کەشتییەکان وەربگرێت؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران و عومان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا جەختیان لەسەر مافی سەروەریی خۆیان لەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتێژییەدا کردووەتەوە.