کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ١٢٦ـەمین حەفتەی چالاکیی خۆیدا وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەستبوونی هەندێک لە بەندکراوانی بەندیخانەی کرمان بەو کەمپەینە، لە بەیاننامەی ئەم حەفتەدا ڕایانگەیاند کە نابێت مامەڵە بە مافی مرۆڤی خەڵکی ئێرانەوە بکرێت.
لە بەیاننامەی ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەداندا هاتووە کە لە ڕێککەوتننامەی ئەم داواییانەی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیدا هیچ ئاوڕێک لە مافی مرۆڤ، سەرکوت و لەسێدارەدانی دڕندانەی خەڵکی ئێران لەلایەن ڕێژیمەوە نەدراوەتەوە.
لەو بەیاننامەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو بابەتە نیشاندەری ئەوەیە کە زلهێزەکان بەدوای گۆڕانکارییەوە نین و خەڵک دەبێت پشت بە ئیدارەی گۆڕانخوازانەی خۆیانەوە ببەستن نەک هێزی دەرەکی و زلهێزەکان.
بەندکراوانی ئەندام لەو کەمپەینە ڕایانگەیاندووە لە ماوەی ١٢٦ حەفتەی ڕابردوودا بە مانگرتن لە خواردن و ئەوەی لە تواناماندا بوو لە دژی لەسێدارەدانە سەدە نێوەڕاستییەکان کردوومانە و بەردەوامیش دەبین.
نووسەرانی ئەو بەیاننامەیە پێداگرییان لەسەر هاودەنگی و هاوسۆزیی خەڵکی ئێران بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی، یەکسانی و هەڵوەشانەوەی سزای سێدارە کردووەتەوە.
شایانی باسە لە ئێستادا ٥٧ بەندیخانە لە سەرانسەری ئێراندا ئەندامی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەنن و هەموو سێشەممەیەکی حەفتە بە مانگرتن لە خواردن بێزاری و ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر سزای دژەمرۆیی لەسێدارەدان دەردەبڕن.